لە هەولێر بازرگانێك ٢٠٠ دەفتەر دۆلاری هاوڵاتیان دەبات و هەڵدێت

بازرگانێك نزیكەی ٢٠٠ دەفتەر دۆلاری هاوڵاتیانی هەولێر بەفێڵ دەبات و هەڵدێت بۆ توركیا، هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵاش لەو هاوڵاتیانە دەكات ئەگەر بەدوایدا بچن.

ئەمڕۆ ژمارەیەك لە هاوڵاتی شاری هەولێر، لەبەردەم مۆڵ ئیستەنبوڵ، لە شارەکەیان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

ئەو هاوڵاتیانە باسیان لەوەکرد کە لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی دوو هاوڵاتیەوە پارەیانداوە بە بازرگانێكی کورد کە نیشتەجێی شاری ئەنقەرەی توركیا یە بەناوی (كەنعان كایا تورك)، گوایە ئەم بازرگانە لە مۆڵەکەیدا کە تایبەتە بە جلوبەرگ مانگانە لەقازانجی ئیشەكەی پارە دەداتەوە بەو هاوڵاتیانە.

بەوتەی هاوڵاتیان ئەم بازرگانە ئێستا بە بیانووی ئیفلاس بوون ڕایكردۆتەوە بۆ توركیا و پێی وتون پارەی نیە بیانداتەوە، هەڕەشەی ئەوەشی لێكردوون ئەگەر بێدەنگ نەبن و بەدوایدا بڕۆن بۆ توركیا ئەوا لەپۆلیسی وڵاتەكەی سكاڵایان لەسەر تۆماردەكات.

دیار هادی، یەكێك لەو هاوڵاتیانەی هەولێر كە هاوڕێی كەنعان كایا تورك بووە بۆ ڕۆژنیوز وتی: كەنعان هاوڕێم بووە و پیاوێكی باش بوو، سەرەتا متمانەم پێكردوو ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكابم بۆ فرۆشت و دواتریش پارەكەی بۆ گەڕاندمەوە، وتیشی: دواتر كەنعان ئیشەكەی فراوان كرد و داوای پارەی زیاتری كرد و ئەویش پارەی لەخەڵكی تر وەرگرتوە كە بۆ هەر دەفتەر دۆلارێك بڕی ٥ سەد دۆلار قازانج وەردەگرن لە مانگێكدا، بەڵام لەناكاو كەنعان دیار نەماوە و لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە پێی وتوون كە ئیفلاسی كردوە و ناتوانێ پارەكانیان بداتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی ئەوەی پارەی لەخەڵك وەرگرتووە بۆ ئەو بازرگانە كێشەی كۆمەڵایەتی بۆ دروست بوە و خاوەن پارەكان هەڕەشەی كوشتنیان لێ كردووە، وتیشی “مام بۆتە كەفیلم تاكو چارەسەرێك دەدۆزنەوە”.

هەروەها دیدار هادی، وتی: “خۆم و براكەم ١٤ دەفتەر دۆلارمان داوتەوە ئەم بازرگانە، ئێستا داوا لەحكومەت دەكەین كە بەڕێكاری یاسایی ئەو پارەمان بۆ بگەڕێنێـتەوە”.

باسی لەوەشکرد كەنعان كایا ئێستا ناوی مۆڵەکەی گۆڕیوە و پێی وتون ئەگەر هەر هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی پارەكانی لێ وەربگرنەوە یان بەدوایدا بچن بۆ توركیا ئەوا لەپۆلیسی وڵاتەكەی سكاڵایان لەسەر تۆماردەكات و بەگرتنیان دەدات.

ک.س

Comments are closed.